رامیاری گۆڤارێکی سەرهێڵی سەربەخۆیە کە تیشک دەخاتە سەر ئەو بابەتانەی کە کۆمەڵگا پێوەی دەناڵێنێت
تورکیا ساڵانێکە بەبیانووی پـ،ـەکەکـ ،ە هاتۆتە ناوخاکی هەرێمی کوردستان، ئەمە هەر تەنها خۆی لە لەشکرکێشی سوپادا نابینێتەوە، بابەتەکە زۆر لە کردەی سەربازی گەورەترە !.
تورکیا دەیەوێت نفوسی خۆیی لە رکابەرەسەرەکیەکەی کە ئێرانە لە هەرێم زیاتر بکات بەتایبەت لە سلێمانی و کەرکوک،چونکە تورکیا،تاران بە تەحەدای سەرەکی دەبینێت لەبەردەم ئامانجە ستراتیژیەکانی لە ناوچەکەدا.
هێرشە ئاسمانیەکان، بۆردومانەکان،فرۆکەی بێفرۆکەوان،لەشکرکێشی بۆ نێو قوڵایی خاکی هەرێم، ڕەنگدانەوەی گۆڕان کاریی و کاردانەوەیە بەرامبەر دەسەڵاتی ئێران.
(پێشهاتە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان و عێراقیش،ڕەنگدانەوەی ئەو کێبڕکێیە لە نێوان ئەو دوو وڵاتە !.
لەماوەی ڕابردوودا سوپای عێراق، فرۆکەیەکی بێفرۆکەوانی تورکیای لە کەرکوک خستە خوارەوە،ئەمە مانای ئەوەیە سوپای عێراق ئاگاداری وردەکاری نێو ڕێکەوتننامەی ئەنقەرا- بەغداد نیە،یان بە پێچەوانەوە. ئەنقەرە سنورەکانی تێپەڕاندووە تا بەرگری ئاسمانی لە دژ بەکار بهێنرێت؟!.
هەرچی بێت،ئەمە مەترسییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەدور نابینرێت،لە ئایندە حکومەتی عێراق،بە بیانووی سنور بەزاندن ئەو رێکەوتنامەیە هەڵبوەشێنێتەوە کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو سەدام ڕێگەی دا بە کێوماڵی تورکیا لە باکوری وڵاتەکە،(هەرێمی کوردستان)، حکومەتی ئێستایی عێراق، بنکەو بارەگاکانی تورکیا لابەرێت و بیانویەکیش بێت بۆ جێگیرکردنی حەشدی شەعبی لە ناوچەکە بە بیانووی پاراستنی سنور !.
زلهێزەکانی ناوچەکە، تەماحە جیۆپۆلەتیکیەکانیان سنورەکانی بریووە، حکومەتی عێراق خەون بە یەک پارچەیی عێراق دەبینێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش تا ئێستا هەڵوێستی ڕونیان نیەو تاڕادەی زۆر بێدەنگن، هەرێمی کوردستان لە نێو دڵی ململانێکاندایەو پێویستی بە ڕوانینی ورد هەیە، تا بەر بە لێکەوتەکان بگرێی کە ئێستاش نەبێت، لە دورمەودا کاریگەریی هەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.