رامیاری گۆڤارێکی سەرهێڵی سەربەخۆیە کە تیشک دەخاتە سەر ئەو بابەتانەی کە کۆمەڵگا پێوەی دەناڵێنێت
بەھەموو شێوەیەک وتەکانی دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەت دەکەمەوە، ئەو تۆمەتانەی لەسەر ناوبراو ڕیزکراون بێ بەڵگەن، ئەگەر ڕاست دەکەن بۆ ڕای گشتی بسەلمێنن کەوا ناوبراو دەستی دەرەکی لەپشتەوە بووە بۆ تێکدانی ئاسایشی ھەرێم و کۆمەڵگە.
ئەم تۆمەتانەی ئێوە شتێکی نوێ نییە، پێشینەیەکی مێژووی ھەیە، سەردەشت عوسمانتان تیرۆرکرد و دواتر کردیشتان بەتیرۆرست، ئەو تۆمەتانە، تۆمەتەکانی دەسەڵاتدارانی ھەولێر و دھۆکن، ئێمە بەو تۆمەتانە فریو ناخۆین و چیدیکە قبوڵی ناکەین، ھەر بەئاسانی ڕۆڵەکانی ئەو نیشتیمانە، بەیاسا لاستیکییەکانتان پەلکێشی زیندانەکانتان بکەن و بەبڕیاری دادوەرە سەوز و زەردەکانتان سزای ھەڵوێستەکانیان لێ وەربگرنەوە.
دواتر شێروان ڕۆژنامەوانێکی ئاسایی ناوچەی دھۆک بووە و ھیچ کام لەکارە ڕۆژنامەوانییەکانی نەبۆتە ھۆی ئاڵۆزی و پشێوی نانەوە، ئەگەر پشێوییەکی ناوەتەوە پێمان بڵێن ئەوەیە، تا بڵێین ئێوە ڕاست دەکەن، ئەوە ئازایەتی نییە، کەسێک دەست بەسەر بکەن و بەزۆر ئەوەی دەتانەوێت پێی بڵێن و بنوسن!؟ ئەمە ئازادی نیە لەپەنای حیزبێکدا، کە (٧٤) ساڵە ھەڵگری پێشگری دیموکراسییە، کەچی ھێندەی حیزبێکی تاکڕەو و دیکتاتۆر، دژی ئازادی و دیموکراسی بووە!، کەواتە ئێمە داوا دەکەین، بۆ ئەوەی چیدیکە چەمکی دیموکراسی ناشیرین تر نەبێت، فەرموون پێشگری دیموکراسی لەپارتی بکەنەوە و بیکەن بە پارتی دیکتاتۆری کوردستان، وا گونجاوترە.
ئازادی بۆ شێروان ئەمین.